Add parallel Print Page Options

کۆکراوەی بەشی دووەم

زەبوورەکانی 42‏–72

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح

42 چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار،
    ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.
گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو.
    کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم[a]؟
بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم،
    لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم:
    چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین،
بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد،
    بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.

ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
    بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
    چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
    ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

گیانم خەمبارە لە ناخم،
    بۆیە یادت دەکەمەوە
لە لای ڕووباری ئوردون،
    لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە[b]، لە کێوی میچعارەوە.
قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات،
    بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە،
    هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.

بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات،
    بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە،
    نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.

خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم:
    «بۆچی لە یادت کردووم؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
    بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»
10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم
    ناحەزانم توانجم تێدەگرن،
    بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
    بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
    چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم،
    ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

Footnotes

  1. 42‏:2 لە ئەمادەگی خودا لە پەرستگا دەبم.‏
  2. 42‏:6 بەرزترین شاخە لە سوریا، نزیکە 75 کم لە باکووری دەریاچەی جەلیل بووە.‏