Add parallel Print Page Options

زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی[a] کوڕی هەڵات.

ئەی یەزدان، دوژمنانم چەند زۆرن!
    چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە!
زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن:
    «خودا ڕزگاری ناکات.»[b]

بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت،
    شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە.
پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
    ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە.

ڕادەکشێم و دەخەوم،
    بەئاگادێمەوە چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات.
لە دەیان هەزار کەس ناترسم،
    ئەوانەی دەوریان گرتووم.

ئەی یەزدان، ڕاپەڕە!
    ئەی خودای من، ڕزگارم بکە!
لە بناگوێی دوژمنەکانم بدە و
    کەڵبەی بەدکاران وردوخاش بکە.

ڕزگاری لە یەزدانەوەیە،
    با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.

Footnotes

  1. 3‏:0 سێیەم کوڕی داود بوو، ناکۆکی لەگەڵ داودی باوکی هەبوو و سەرکردایەتی یاخیبوونێکی کرد لە دژی. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە دووەم ساموئێل بەشەکانی 13‏–18.‏
  2. 3‏:2 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 4 و 8، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏