Add parallel Print Page Options

بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
    گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
    سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[a] و دەڵێن:
«با کۆتەکانیان بشکێنین و
    زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»

ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
    پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
    بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن[b] داناوە،
    لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
    پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
    ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
    وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»

10 بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،
    سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11 بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
    بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12 کوڕەکە ماچ[c] بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و
    لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
    خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.

Footnotes

  1. 2‏:2 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏، واتە هەڵبژێردراو بە دەستی پێغەمبەر و بە چەورکردن بە ڕۆن بۆ پاشایەتی، بڕوانە دەرچوون 30‏:22‏-31‏ و یەکەم ساموئێل 9‏:16؛ 10‏:1.‏‏
  2. 2‏:6 سییۆن یان زایۆن، چیاکە لە ئۆرشەلیم، وەک نازناو بۆ ئۆرشەلیم بەکاردێت.‏
  3. 2‏:12 ماچکردنی پێی کوڕی پاشا وەک ملکەچبوونی.‏