Add parallel Print Page Options

دڵسۆزی لە خزمەتکردن

بۆیە کە ئەم خزمەتەمان هەیە، وەک بەر بەزەیی خودا کەوتین، ورە بەرنادەین، بەڵکو شتە شاراوەکانی سەرشۆڕیمان ڕەتکردەوە، بە فێڵبازی ناکەین و دەستکاری پەیامی خودا ناکەین، بەڵکو بە دەرخستنی ڕاستی، بۆ ویژدانی هەرکەسێک لەبەردەم خودا خۆمان دەسەلمێنین. بەڵام ئەگەر مژدەکەمان[a] شاراوە بێت، ئەوا لەنێو ئەوانە شاراوەیە کە لەناودەچن، لێرەدا خوداوەندی ئەم دنیایە[b] بیری بێباوەڕانی کوێر کردووە، تاکو ڕووناکی مزگێنی شکۆی مەسیحیان بۆ نەدرەوشێتەوە، ئەوەی وێنەی خودایە. ئێمە خۆمان ڕاناگەیەنین، بەڵکو عیسا کە مەسیحی باڵادەستە، خۆشمان لە پێناوی عیسا بەندەی ئێوەین، چونکە خودا، ئەوەی فەرمووی: [با لە تاریکیدا ڕووناکی بدرەوشێتەوە،][c] ئەو لە دڵماندا درەوشایەوە، بۆ ڕووناککردنەوەی ناسینی شکۆی خودا لەڕووی عیسای مەسیحدا.

بەڵام ئەم گەنجینەی هەمانە لەناو گۆزەی گڵیندایە، تاکو دەربکەوێت کە وزەی لە ڕادەبەدەر لە خوداوەیە نەک لە ئێمەوە. لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛ چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین. 10 هەمیشە چۆنیەتی مردنی عیسا لە لەشدا هەڵدەگرین[d]، تاکو ژیانی عیسا لە لەشماندا دەربکەوێت، 11 چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت. 12 کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا.

چاونەترسی لە خزمەتکردن

13 کە هەمان ڕۆحی باوەڕمان هەیە، بەگوێرەی نووسراو: [باوەڕم کرد بۆیە قسەم کرد،][e] ئێمەش باوەڕمان هەیە بۆیە قسە دەکەین. 14 دەزانین ئەوەی عیسای خاوەن شکۆی هەستاندەوە ئێمەش لەگەڵ عیسادا هەڵدەستێنێتەوە، لەگەڵ ئێوەش دەمانباتە بەردەمی خۆی. 15 هەموو ئەم ئازار چێژتنە لە پێناوی ئێوەیە، تاکو ئەو نیعمەتەی کە ئێستا دەگاتە خەڵکێکی زیاتر ببێتە مایەی زیادکردنی سوپاسگوزاری بۆ شکۆمەندی خودا.

16 بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناوەڕۆکمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە، 17 چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە. 18 ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین.

Footnotes

  1. 4‏:3 یۆنانی: ئینجیل.‏
  2. 4‏:4 شەیتان.‏
  3. 4‏:6 پەیدابوون 1‏:3.‏‏
  4. 4‏:10 لەبەر خاتری عیسا ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە.‏
  5. 4‏:13 زەبوورەکان 116‏:10.‏‏