Add parallel Print Page Options

بانگەواز بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان

لە یەکی مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە بۆ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و بۆ یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین هات و فەرمووی:

یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەم گەلە گوتیان: ”هەتا ئێستا کاتی بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان نەهاتووە.“»

ئینجا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات: «ئایا دەگونجێ کە لە ماڵە ڕازاوەکەتان دابنیشن، بەڵام ئەم ماڵە وێرانە؟»

ئێستاش یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن. زۆرتان چاند، بەڵام کەم هات. خواردتان، بەڵام تێر نەبوون. خواردتانەوە، بەڵام تینووێتیتان نەشکا. بەرگتان پۆشی، بەڵام گەرم نەبوونەوە. کرێگرتەش کرێ وەردەگرێت، بەڵام دەیخاتە گیرفانێکی دڕاو.»

یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن. سەربکەونە سەر چیا و دار بهێنن و ماڵەکەی من بنیاد بنێن، لێی ڕازی دەبم و شکۆدار دەبم. چاوەڕێی زۆرتان کرد، بەڵام کەم هات. ئەوەی ئێوە هێناتانە ماڵەوە، فووم لێی کرد. لەبەر چی؟ لەبەر ماڵەکەم، ئەوەی کە وێرانە، ئێوەش هەریەکە و بە ماڵەکەی خۆیەوە سەرقاڵە. 10 لەبەر ئەوە ئاسمان شەونمی ڕاگرت و زەویش بەروبوومی خۆی ڕاگرت. 11 من وشکەساڵیم بانگکرد بۆ سەر زەوییەکە و بۆ سەر چیاکان، بۆ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، بۆ سەر هەرچی خاکەکە بەرهەمی دەهێنێت، بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ سەر هەموو کارەکانی دەست.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

12 ئینجا زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و هەموو پاشماوەی گەل گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاریان و پەیامەکەی حەگەی پێغەمبەر نەبوون کە یەزدانی خودایان ناردی، گەل لەبەردەم یەزدان ترسان.

13 ئینجا حەگەی نێردراوی یەزدان پەیامەکەی یەزدانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت، من لەگەڵتاندام.» 14 ئینجا یەزدان ڕۆحی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودای هەژاند لەگەڵ ڕۆحی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و ڕۆحی هەموو پاشماوەی گەل، جا هاتن و کارەکەی ماڵی یەزدانی سوپاسالاری خودای خۆیان ئەنجام دا، 15 لە بیست و چواری شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا.