Add parallel Print Page Options

فیرعەون وەک دار ئورزێکی لوبنان ڕیشەکێش دەکرێت

31 لە یەکی مانگی سێی ساڵی یازدەیەمین،[a] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە فیرعەونی پاشای میسر و ئاپۆرەی سوپاکەی بڵێ:

«”لە گەورەییدا بە کێ خۆت بەراورد دەکەیت؟
سەیر بکە ئاشور دار ئورزێک بوو لە لوبنان،
    چڵەکانی جوان و سێبەرەکەی پڕ بوو،
باڵای بەرز بوو،
    لووتکەی گەیشتە هەور.
ئاو گەشەیان پێ کرد،
    کانیاوە هەڵقوڵاوەکان گەورەیان کرد،
جۆگەکانی بە دەوریدا ڕۆیشتن،
    ئاوبارەکانی نارد
    بۆ هەموو دارەکانی دەشتودەر.
لەبەر ئەوە لە هەموو دارەکانی دەشتودەر
    باڵای بەرزتر بوو،
لەبەر زۆری ئاو چڵەکانی زۆر بوون و
    لقەکانی درێژ بوون،
    چرۆیان کرد.
هەموو باڵندەکانی ئاسمان
    لەناو چڵەکانی هێلانەیان کرد،
هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر
    لەژێر لقەکانی زاوزێیان کرد،
لەژێر سێبەرەکەیدا
    نەتەوە گەورەکان نیشتەجێ بوون.
بە چڵە درێژەکانی
    لە جوانیدا بێ وێنە بوو،
چونکە ڕەگەکەی
    لەسەر ئاوێکی زۆر بوو.
دار ئورزی باخچەی خودا
    پێی نەدەگەیشتەوە،
دار سنەوبەر لەگەڵ چڵەکانی بەراورد نەدەکرا،
    چنار وەک لقەکانی ئەو نەبوو.
هیچ دارێکی باخچەی خودا
    لە جوانیدا لەو نەدەچوون.
بە زۆری لقەکانی جوانم کرد،
    هەتا هەموو دارەکانی عەدەن،
ئەوانەی لە باخچەی خودان
    بەغیلییان پێی دەبرد.

10 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی دار ئورزەکە باڵای بەرزبووەوە، لووتکەی گەیشتە هەورەکان، بە بەرزییەکەی دڵی لەخۆبایی بوو، 11 دامە دەست ڕابەری نەتەوەکان، بەگوێرەی خراپەکانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات. من دەرمکرد و 12 بێگانەکان کە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بڕییانەوە و بەجێیان هێشت. چڵەکانی لەسەر چیاکان و لە هەموو دۆڵێک کەوتن، لقەکانیشی لەلای هەموو شیوەکانی خاکەکە شکێنرابوون. هەموو گەلانی زەوی لەژێر سێبەرەکەی لاچوون و بەجێیان هێشت. 13 هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەسەر قەدە کەوتووەکەی نیشتنەوە و هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەنێو لقەکانی بوون. 14 لەبەر ئەوە نابێت هیچ دارێکی دیکە کەوا لە کەناری ئاوە هەرگیز بە لووتبەرزییەوە بەرز بێتەوە، لووتکەی بگاتە هەور، هیچ دارێکی دیکەی تێر ئاو باڵای ناگاتە ئەو بەرزییە. بەڵکو چارەنووسی هەموویان مردنە، لەنێو ئادەمیزادان دەخرێنە ژێر زەوی، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.

15 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەی دار ئورزەکە کەوتە نێو جیهانی مردووان، من سەرچاوەی ئاوەکانی ژێر زەویم بە خەم داپۆشی. جۆگەکانیم گرتەوە، ئاوە زۆرەکان بڕان. بۆ ئەو لوبنانم بە بەرگی ماتەم پۆشی، لەبەر ئەویش هەموو دارەکانی دەشتودەر سیس بوون. 16 کاتێک لە گۆڕم نا لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لە دەنگی کەوتنی ئەو نەتەوەکانم ڕاچڵەکاند، جا هەموو دارەکانی عەدەن، هەڵبژێردراو و هەرەباشەکانی لوبنان، هەموو دارێکی تێر ئاو، لە دنیای خوارەوە دڵنەوایی کران. 17 هەروەها ئەوانەی کە لە سایەیدا دەژیان، واتە هاوپەیمانەکانی لەنێو نەتەوەکان، لەگەڵیدا شۆڕبوونەوە ناو جیهانی مردووان و چوونە پاڵ کوژراوان بە شمشێر.

18 «”کام داری عەدەن لە شکۆمەندی و گەورەیی بە تۆ بەراورد دەکرێ؟ لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ دارەکانی عەدەن دەکەویتە قووڵایی زەوی و لەنێو خەتەنە نەکراو و کوژراوان بە شمشێر ڕادەکشێیت.

«”ئەمە فیرعەون و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەیەتی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

Footnotes

  1. 31‏:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و یەکی مانگی شەشی ساڵی 587ی پێش زایین.‏