Add parallel Print Page Options

شکۆمەندی خودا پەرستگاکە بەجێدەهێڵێت

10 ئینجا سەیرم کرد لە سەرەوە بەسەر سەری کەڕوبەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، دیمەنی تەختێکی پاشایەتی هەبوو، وەک یاقووتی شین دەبینرا. یەزدان بە پیاوە کەتان پۆشەکەی فەرموو: «بڕۆ ناو چەرخەکانی ژێر کەڕوبەکان و مشتت پڕ بکە لە پشکۆی ئەو ئاگرەی لەنێوان کەڕوبەکانە و بەسەر شارەکەدا بڵاوی بکەرەوە.» ئەویش لەبەرچاوم چووە ناوەوە.

کەڕوبەکانیش لەلای ڕاستی[a] پەرستگاکە ڕاوەستابوون کە پیاوەکە چووە ژوورەوە، هەورێکیش حەوشەکەی ناوەوەی پڕکردەوە. شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا پەرستگاکە پڕ بوو لە هەورەکە و حەوشەکەش پڕ بوو لە بریسکەی شکۆمەندی یەزدان. دەنگی باڵی کەڕوبەکان لە خانەکانی دەرەوە دەبیسترا، وەک دەنگی خودای هەرە بە توانا کە قسە بکات.

کاتێک کە فەرمانی بە پیاوە کەتان پۆشەکە کرد و فەرمووی، «ئاگر لەنێوان چەرخەکان، لەنێوان کەڕوبەکان ببە،» چووە ژوورەوە و لەتەنیشت چەرخێک ڕاوەستا. کەڕوبێک لەنێو کەڕوبەکانەوە دەستی بۆ ئاگرەکەی نێوان کەڕوبەکان درێژکرد، لێی هەڵگرت و خستییە ناو هەردوو مشتی پیاوە کەتان پۆشەکە، ئەویش وەریگرت و چووە دەرەوە. لە کەڕوبەکانەوە شتێکی وەک دەستی مرۆڤ لەژێر باڵەکانیەوە دەرکەوت.

تەماشام کرد، بینیم چوار چەرخ لەتەنیشت کەڕوبەکانە، هەر چەرخێک لەتەنیشت کەڕوبێکەوە بوو، دیمەنی چەرخەکان وەک دیمەنی زەبەرجەد بوو. 10 هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک چەرخ لەناو چەرخ بێت. 11 کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، لە ڕۆیشتنیشدا لایان نەدەدا، بەڵکو بۆ هەر لایەک یەکێک لە کەڕوبەکان ڕووی تێدەکرد ئەوانیش بەدوایدا دەچوون، لە ڕۆیشتندا لایان نەدەدا. 12 هەموویان لاشەکانیان، پشت و دەست و باڵ و چەرخەکان پڕبوون لە چاو[b] بە هەر چواردەوریدا بۆ هەر چوار چەرخەکە. 13 گوێم لێ بوو چەرخەکان پێیان دەگوترا «چەرخی خولاوە». 14 هەر کەڕوبێکیش چوار ڕووی هەبوو، ڕووی یەکەم ڕووی کەڕوب، ڕووی دووەم ڕووی مرۆڤ، ڕووی سێیەم ڕووی شێر و ڕووی چوارەم ڕووی هەڵۆ بوو.

15 ئینجا کەڕوبەکان بەرز بوونەوە، ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیبووم. 16 لەگەڵ ڕۆیشتنی کەڕوبەکان، چەرخەکانیش لەتەنیشتیانەوە ڕۆیشتن، کە کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە بۆ بەرزبوونەوە لە زەوی، چەرخەکان هەر لەتەنیشتیان مانەوە. 17 کە کەڕوبەکان ڕادەوەستان ئەوانیش ڕادەوەستان، کە بەرز دەبوونەوە ئەوانیش بەرز دەبوونەوە، چونکە گیانی گیانلەبەرەکان لەناو چەرخەکاندا بوو.

18 ئینجا شکۆمەندی یەزدان لە بەردەرگای پەرستگاکەوە ڕۆیشت و لەسەر کەڕوبەکان وەستا. 19 لەبەرچاوم کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و لەسەر زەوی بەرزبوونەوە، لە کاتی ڕۆیشتنیان چەرخەکانیشیان لەگەڵ بوو، لەلای داڵانی دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان وەستان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.

20 ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار لەژێر خودای ئیسرائیل بینیبووم، زانیم کە ئەمانە کەڕوبن. 21 هەریەکەیان چوار ڕوو و چوار باڵی هەبوو، لەبن باڵەکانیشەوە لە شێوەی دەستی مرۆڤیان هەبوو. 22 شێوەی ڕووەکانیشیان، شێوەی ئەو ڕووانە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیم، دیمەنیان و خۆشیان. هەریەکە بەرەو پێش دەڕۆیشت.

Footnotes

  1. 10‏:3 لە باشووری پەرستگاکە.‏
  2. 10‏:12 بڕوانە 1‏:18‏.‏