Add parallel Print Page Options

قسەی حەوتەمی ئەیوب

21 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«بە گوێگرتن گوێ لە قسەکانم بگرن؛
    با ئەمە ببێتە دڵنەواییتان.
بەرگەم بگرن کە قسە دەکەم و
    پاش قسەکانم گاڵتە بکەن.

«ئایا من سکاڵاکەم لە مرۆڤە؟
    بۆچی ئارامیم لێ نەبڕێت؟
ڕووم لێ بکەن، واقتان وڕبمێنێت و
    دەست بخەنە سەر دەمتان.
کاتێک بەبیرم دێتەوە دەتۆقم؛
    موچڕکە بە لەشمدا دێت.
بۆچی بەدکاران دەژین و پیر دەبن،
    هەروەها بە هێزەوە زاڵ دەبن؟
نەوەیان لەبەردەمیان لەگەڵیان ڕاوەستاوە،
    وەچەیان لەبەرچاویانە.
ماڵەکانیان لە ترس دڵنیایە؛
    کوتەکی خودا بەسەریانەوە نییە.
10 گایەکەیان دەپەڕێت و هەڵە ناکات؛
    مانگاکەیان ئاوس دەبێت و لە باری ناچێت.
11 منداڵەکانیان وەک مەڕ بەڕەڵا دەکرێن؛
    شیرەخۆرەکانیان سەما دەکەن.
12 دەف و قیسارە بەدەستەوە دەگرن؛
    بە دەنگی دووزەلە دڵخۆش دەبن.
13 ڕۆژگاریان بە خێروخۆشی بەسەردەبەن و
    بە ئارامییەوە بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ دەبنەوە.
14 لەگەڵ ئەوەشدا بە خودا دەڵێن: ”لێمان دوور بکەوە!
    دڵخۆش نابین بە ناسینی ڕێگاکانت.
15 توانادارەکە کێیە هەتا خزمەتی بکەین؟
    سوودی چی دەبینین کە لێی بپاڕێینەوە؟“
16 بەڵام خێروخۆشییان لە دەستی خۆیان نییە،
    با ڕاوێژی بەدکاران لێم دوور بێت.

17 «چەند کەم چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و
    کارەساتیان بەسەردێت،
    یان خودا لە تووڕەیی خۆیدا ئازاری کردووە بە بەشیان؟
18 یان وەک کا بن لەبەردەم با و
    وەک ئەو سەرکۆزەرەی ڕەشەبا بردوویەتی؟
19 دەگوترێت: ”خودا تاوانی بەدکاران بۆ کوڕەکانیان هەڵدەگرێت.“
    با سزای گیانی خۆیان بدات تاوەکو بزانن!
20 با چاوەکانیان لەناوچوونەکەیان ببینن،
    لە جامی تووڕەیی خودای هەرە بە توانا بخۆنەوە،
21 چونکە لەدوای ئەوان، کە ژمارەی مانگەکانیان تەواو دەبێت،
    ئایا گوێ بە کەسوکاریان دەدەن؟

22 «ئایا خودا فێری زانین دەکرێت،
    ئەو کە دادوەری پایەدارەکان دەکات؟
23 کەسانێک هەن لەوپەڕی تەندروستیدا دەمرن،
    کاتێک بە تەواوی دڵنیا و ئارامن،
24 لەشیان ساغن و
    مۆخیان ناو ئێسکەکانیان هێشتا تەڕن.
25 کەسانێکی دیکەش بە پەژارەوە دەمرن و
    تامی خێروخۆشییان نەکردووە.
26 هەردووکیان پێکەوە لەناو گڵ ڕادەکشێن و
    کرم دایاندەپۆشێت.

27 «بیرکردنەوەی ئێوە باش دەزانم و
    ئەو پیلانانەی بۆ ستەملێکردنم داتانناوە،
28 چونکە دەڵێن: ”کوا ماڵی گەورە پیاوەکە؟
    کوا چادری نشینگەی خراپەکاران؟“
29 ئایا پرسیارتان لە ڕێبواران نەکردووە و
    سەرنجتان نەداوەتە هەواڵەکانیان؟
30 بەدکار لە ڕۆژی کارەسات هەڵدێت،
    ئایا لە ڕۆژی تووڕەیی دەرباز دەبێت؟
31 کێ بەرەو ڕوو لەسەر ڕەفتارەکەی سەرزەنشتی دەکات؟
    کێ سزای دەدات لەسەر ئەوەی کردوویەتی؟
32 ئەو بەرەو گۆڕەکان دەبردرێت و
    لەسەر گۆڕستان شەوارە دەگرێت.
33 قوڕی دۆڵەکە شیرینە بۆ ئەو؛
    هەموو مرۆڤ بەدوایەوە دەڕۆن و
    لەپێشیشیەوە بەبێ ژمارە.

34 «ئیتر چۆن بە قسەی پڕوپووچ دڵنەواییم دەدەنەوە؟
    لە وەڵامەکانتان تەنها بێوەفایی دەبینم!»