Add parallel Print Page Options

14 «مرۆڤی لەدایکبوو لە ژن
    ڕۆژگاری کەمە و چەرمەسەری زۆرە.
وەک گوڵ دەپشکوێت و پاشان سیس دەبێت،
    وەک سێبەر دەڕوات و ناوەستێت.
جا لەسەر شتێکی وەک ئەمە چاوت زەق کردەوە و
    ئێستاش ئەوانت هێناوەتە بەردەم خۆت بۆ دادگایی؟
کێ دەتوانێت پاکێک لە گڵاوێک دەربهێنێت؟
    بێگومان کەس!
جا ئەگەر ڕۆژانی هەرکەسێک دیاریکراو بێت و
    ژمارەی مانگەکانی لای تۆ بێت و
    کاتێکت بۆ دیاریکردبێت کە لێی تێنەپەڕێت،
ئیتر لێیگەڕێ با پشوو بدات،
    هەتا وەک ڕەنجدەرێک دڵخۆش بێت بە تەواوبوونی ڕۆژەکەی.

«چونکە دار داخوازییەکی هەیە،
    ئەگەر بڕایەوە چەکەرە بکات و دووبارە شین بێتەوە و
    لقوپۆپی تازە دەربکات.
ئەگەر ڕەگەکەی لەناو زەویدا کۆنیش بێت و
    بنەدارەکەی لەناو خۆڵدا بمرێت،
هەر کاتێک بۆنی ئاو بکات چەکەرە دەکات و
    وەک ڕووەکێکی نوێ لق دەردەکات.
10 بەڵام پیاو دەمرێت و لەناودەچێت؛
    مرۆڤ ڕۆح بەدەستەوە دەدات و بوونی نابێت.
11 هەروەک ئاوەکان لەناو دەریاچە نامێنن و
    ڕووبار ئاوی تێدا نامێنێت و وشک دەبێت،
12 هەروەها مرۆڤیش ڕادەکشێت و هەڵناستێتەوە،
    لە خەوەکەی خەبەری نابێتەوە و بەئاگا نایەت
    هەتا ئاسمان نامێنێت.

13 «خۆزگە لەناو جیهانی مردووان لەچاو ونت دەکردم و
    دەتشاردمەوە هەتا تووڕەییەکەت دادەمرکایەوە!
خۆزگە کاتێکت بۆ دیاری دەکردم و
    بەبیرت دەهاتمەوە!
14 ئەگەر پیاوێک بمرێت، ئایا زیندوو دەبێتەوە؟
    هەموو ڕۆژانم تێکۆشانە،
    ئارام دەگرم هەتا دەرووم لێ دەکرێتەوە.
15 بانگم دەکەیت من وەڵامت دەدەمەوە،
    تامەزرۆ دەبیت بۆ ئەو بوونەوەرەی کە دروستت کرد.
16 بێگومان ئەو کاتە چاودێری هەنگاوەکانم دەکەیت،
    بەڵام تێبینی گوناهەکەم ناکەیت.
17 یاخیبوونەکەم گرێی لێدراوە لەناو بوخچەیەک،
    تاوانەکەم دەشاریتەوە.

18 «هەروەک چۆن کە چیا بکەوێت پارچەپارچە دەبێت و
    تاشەبەرد لە جێی خۆی دەلەقێت،
19 ئاو بەرد دەسووێنێت و
    لافاو خۆڵی زەوی ڕادەماڵێت،
    بەو جۆرە تۆش هیوای مرۆڤ لەناودەبەیت.
20 بۆ هەتاهەتایە بەسەریدا زاڵ دەبیت و کۆتایی پێ دێت،
    ڕووی دەگۆڕیت و دەریدەکەیت.
21 ئەگەر کوڕەکانی ڕێزیان لێ بگیرێت، پێی نازانێت،
    ئەگەر لە پلەوپایەشیان نزم بکرێتەوە، ئاگای لێ نییە.
22 تەنها هەست بە ئازاری خۆی دەکات و
    داخ بۆ حاڵی خۆی دەخوات.»