Add parallel Print Page Options

لابردنی ڤەشتیی شاژن

ئەم ڕووداوانە لە سەردەمی پاشایەتی ئەحەشوێرۆش بوو، ئەو ئەحەشوێرۆشەی کە لە هیندستانەوە هەتا کوش[a] فەرمانڕەوایەتی سەد و بیست و حەوت هەرێمی دەکرد. لەو کاتەدا ئەحەشوێرۆش لەسەر تەختی پاشایەتییەکەی دادەنیشت کە لە قەڵای شوش بوو. لە ساڵی سێیەمی پاشایەتییەکەی، خوانێکی سازکرد بۆ هەموو سەرکردە و کاربەدەستەکانی. سەرکردەکانی سوپای فارس و ماد و میر و فەرمانڕەوای هەرێمەکان تێیدا ئامادە بوون.

ماوەی سەد و هەشتا ڕۆژ پاشا دەوڵەمەندی و شکۆی پاشایەتییەکەی و بێ هاوتایی جوانی مەزنایەتییەکەی نیشانی میوانان دا. پاش تێپەڕینی ئەو ماوەیە، پاشا بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ خوانێکی سازکرد بۆ گەورە و بچووکی گەل، ئەوانەی لە قەڵای شوش دەژیان، لە باخچەی داخراوی کۆشکی پاشا. گۆڕەپانەکە بە پەردەی سپی و مۆری کەتان ڕازێنرابووەوە، بە گوریسی ئەرخەوانی لەناو بازنەی زیو هەڵواسرابوو، لەسەر کۆڵەکەی مەڕمەڕ. سەکۆیەکان لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، زەوییەکە بە بەردی حەلان و مەڕمەڕ و دوڕ و بەردی گرانبەها شۆستەی بۆ دروستکرابوو. خواردنەوەش بە جامی زێڕینی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرا، شەرابی شاهانەش بەقەد بەخشندەیی پاشا زۆر بوو. پاشا فەرمانی بە لێپرسراوانی کۆشک کرد کەس گلەیی لە خواردنەوە نەبێت، هەرکەسە بەگوێرەی ویستی خۆی بێت.

هەروەها ڤەشتیی شاژنیش لە کۆشکی شاهانەی ئەحەشوێرۆشی پاشا خوانێکی بۆ ئافرەتان سازکرد.

10 لە ڕۆژی حەوتەم کاتێک پاشا بە شەراب مەست بوو، فەرمانی کرد بەو حەوت کاربەدەستەی[b] گوت کە لەبەردەم پاشا خزمەتیان دەکرد، مێهومان و بیزتا و حەرڤۆنا و بیگتا و ئەڤەگتا و زێتەر و کەرکەس، 11 کە ڤەشتیی شاژن بە تاجی شاهانەکەوە بهێنن بۆ بەردەم پاشا، بۆ ئەوەی جوانییەکەی پیشانی گەل و سەرکردەکان بدرێت، چونکە ڕوخساری جوان بوو. 12 بەڵام کاتێک کاربەدەستەکان فەرمانەکەی پاشایان پێ ڕاگەیاند، ڤەشتیی شاژن ڕازی نەبوو بێت. لەبەر ئەوە پاشا زۆر ڕقی هەستا و لە تووڕەیی خۆیدا گڕی گرت.

13 نەریتی پاشا وا بوو ڕاوێژ بە شارەزایانی یاسا و دادوەری بکات. ئیتر پاشا پرسی بەو دانایانە کرد کە شارەزای ڕۆژگارن، 14 ئەوانەی لێی نزیک بوون ئەمانە بوون: کەرشەنا، شیتار، ئەدماتا، تەرشیش، مەرەس، مەرسەنا، مەمۆخان، کە حەوت سەرکردەی فارس و مادی بوون و هەمیشە چاویان بە پاشا دەکەوت، بەرزترین پلە و پایەیان هەبوو لە پاشایەتییەکەدا.

15 پاشا پرسیاری کرد: «بەپێی یاسا چی لە شاژنە ڤەشتی بکرێت؟ لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی ئەو فەرمانەی ئەحەشوێرۆشی پاشای نەبوو کە کاربەدەستەکان پێیان ڕاگەیاند.»

16 مەمۆخان لەبەردەم پاشا و سەرکردەکان گوتی: «شاژنە ڤەشتی بە تەنها هەڵەی دەرهەق بە پاشا نەکردووە، بەڵکو دەرهەق بە هەموو سەرکردەکان و هەموو ئەو گەلانەی کە لە هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆش پاشادان، 17 چونکە هەواڵی شاژن بە هەموو ژنەکان دەگاتەوە و بەو شێوەیە بێزیان لە مێردەکانیان دەبێتەوە، دەگوترێت: ”ئەحەشوێرۆشی پاشا فەرمانی دا شاژنە ڤەشتی بهێننە بەردەمی، کەچی ئەو نەهاتووە.“ 18 هەروەها هەر لەو ڕۆژەدا خانمەکانی فارس و مادی ئەوانەی هەواڵی شاژنیان پێ گەیشتووەتەوە هەمان شت بە هەموو سەرکردەکانی پاشا دەڵێن، بەمەش بێزلێبوونەوە و تووڕەیی بڵاو دەبێتەوە.

19 «لەبەر ئەوە ئەگەر پاشا پێی خۆشە، با بڕیارێکی شاهانە لەلای خۆیەوە دەربکات و بڕیارەکە لە یاساکانی فارس و مادی بنووسرێت بۆ ئەوەی دەستکاری نەکرێت، بەوەی کە نابێت چیتر ڤەشتی بێتە بەردەم ئەحەشوێرۆش پاشا. پاشاش پلەی شاژنیێتی بە یەکێکی چاکتر لەو بدات. 20 بەو شێوەیە بڕیارەکەی پاشا لەناو هەموو شانشینە مەزنەکە ڕادەگەیەنرێت، هەموو ژنانیش بە ڕێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ مێردەکانیان دەکەن، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.»

21 پاشا و سەرکردەکان ئەو قسەیەیان پێ باش بوو، پاشا بەپێی قسەکەی مەمۆخانی کرد. 22 نامەی بۆ هەموو هەرێمەکان و هەموو گەلەکانی پاشایەتییەکەی نارد، هەریەکە و بە زمان و ڕێنووسی خۆیان، بە زمانی نەتەوەکەی خۆیان بڵاوی بکەنەوە، بۆ ئەوەی هەموو پیاوێک گەورەی ماڵەکەی خۆی بێت.

Footnotes

  1. 1‏:1 هەرێمێک بوو لە سەرووی ڕووباری نیل.‏
  2. 1‏:10 کاربەدەستێکی تایبەت بووە و خەسێنراوە.‏