Add parallel Print Page Options

ڕزگاری بۆ ئەوانەی دوورن

56 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«دادپەروەری بپارێزن و
    ڕاستودروستی ئەنجام بدەن،
چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و
    ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت.
خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و
    بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت،
ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و
    دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.»

با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت:
    «یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.»
با خەساویش نەڵێت:
    «ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.»

چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن،
    ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و
    دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە،
لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی
    یادەوەری و ناویان پێدەدەم،
    لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان.
ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم
    کە نابڕدرێتەوە.
ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان
    بۆ پەرستنی و
بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان
    هەتا بۆی ببن بە بەندە،
هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و
    دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە
دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم،
    لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم.
قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان
    مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم،
چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت
    بۆ هەموو گەلان.»
یەزدانی باڵادەست،
    ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، دەفەرموێت:
«زیاتر کۆدەکەمەوە
    لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.»

خودا بەدکاران تاوانبار دەکات

ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر،
    ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان، وەرن، بخۆن!
10 ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن،
    نەزانن.
هەموو سەگی لاڵن،
    ناتوانن بوەڕن.
خەونبین و پاڵکەوتوون،
    حەزیان لە خەوە.
11 سەگەکان چاو برسین،
    تێربوون نازانن.
ئەوان شوانن و تێناگەن،
    هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت،
    هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە.
12 دەڵێن: «وەرن شەراب دەهێنم!
    با مەی بنۆشین!
بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت،
    بەڵکو زۆر باشتریش.»