Add parallel Print Page Options

ستایش بۆ یەزدان

25 ئەی یەزدان، تۆ خودای منیت!
    بە گەورەت دەزانم، ستایشی ناوت دەکەم،
چونکە تۆ کاری سەرسوڕهێنەرت کردووە،
    پلانەکانت لە دێرزەمانەوەن،
    بە دڵسۆزی چەسپاون.
چونکە شارت کاول کرد و
    شارۆچکەی قەڵابەندت وێران کرد،
قەڵای بێگانەکان وەک شار نامێنێتەوە،
    بۆ هەتاهەتایە بنیاد نانرێتەوە.
لەبەر ئەوە گەلی بەهێز ڕێزت لێ دەگرن،
    شارۆچکەی نەتەوە بێ ویژدانەکان لێت دەترسن.
چونکە بوویت بە پەناگای هەژار،
    پەناگای نەدار لە کاتی تەنگانە،
چەتر لە لێزمەی باران و
    سێبەر لە گەرما،
چونکە هەڵچوونی بێ ویژدانەکان
    لێزمەی بارانە بەسەر دیوارەوە،
وەک گەرمایە لە خاکی وشکدا.
    هاتوهەرای بێگانەکان کپ دەکرێت
وەک گەرما بە سێبەری هەور
    گۆرانی بێ ویژدانەکان زەلیل دەکرێت.

یەزدانی سوپاسالار بۆ هەموو گەلان
    لەم کێوە خوانی دابەستەکان ساز دەکات،
خوانی شەرابی سادە و دابەستە پڕ لە مۆخەکان
    مەی سادەی پاڵاوتە.
لەم کێوەدا لووشی دەدات
    پەچەی سەر مردوو،
پەچە بەسەر هەموو گەلانەوە،
هەروەها ئەو سەرپۆشەی بەسەر هەموو نەتەوەکاندا پۆشراوە،
    مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە.
یەزدانی باڵادەست سڕییەوە
    فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان،
ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت
    لە هەموو زەویدا،
            چونکە یەزدان فەرمووی.

لەو ڕۆژەدا دەگوترێت:

«ئەوەتا ئەمە خودامانە،
    چاوەڕێمان دەکرد، ڕزگاری کردین.
ئەمە یەزدانە، چاوەڕێمان کرد،
    شاد دەبین و دڵشاد دەبین بە ڕزگارییەکەی.»

10 چونکە دەستی یەزدان ئەم کێوە دەپارێزێت،
    بەڵام مۆئاب لە جێی خۆی پێپەست دەکرێت
    وەک پێپەستکردنی کا بە ئاوی تەپاڵە.
11 جا مۆئاب لە ناوەڕاستیدا دەستی بڵاو دەکاتەوە
    وەک چۆن مەلەوان بۆ مەلەکردن بڵاوی دەکاتەوە.
خودا لووتبەرزییەکەی دادەگرێت
    لەگەڵ فرتوفێڵەکانی دەستی.
12 قەڵابەندی بەرزی شووراکانت دەچەمێنێتەوە،
    دایدەگرێت دەینووسێنێت بە زەوییەوە، هەتا خۆڵ.