Add parallel Print Page Options

بەرخەکە و گۆرانی جەماوەر

14 پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو، سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، ناوی ئەو و ناوی باوکی ئەویان لەسەر ناوچەوانیان[a] نووسرابوو. لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە. ئەو دەنگە کە گوێم لێ بوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن. لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت. کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە. ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە، چونکە پاکن، ئەوانە بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات، ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە. درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، گلەییان لەسەر نییە.

سێ فریشتەکە

ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لەناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک. بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»

فریشتەی دووەم، لەدوایەوە دەیگوت: «کەوت! بابلی گەورە کەوت، ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»

فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «ئەوەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر دەستی یان نێوچەوانی وەربگرێت، 10 ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت. 11 دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»

12 ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.

13 گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!»

ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»

دروێنەی زەوی

14 پاشان تەماشام کرد، ئەوەتا هەورێکی سپی و لەسەر هەورەکە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ[b] دانیشتووە، تاجێکی زێڕینی لەسەر بوو و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو. 15 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد: «داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.» 16 جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.

17 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی لە ئاسمانە دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو. 18 فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە دەرچوو و دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو. بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو: «داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە، چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.» 19 فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا. 20 گوشەرەکە[c] لە دەرەوەی شار گوشرا، تاکو بەرزی لغاوی ئەسپ، هەزار و شەش سەد ستادیا[d] خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.

Footnotes

  1. 14‏:1 بڕوانە حزقیێل 9‏:4‏‏.‏
  2. 14‏:14 بڕوانە دانیال 7‏:13‏‏.‏
  3. 14‏:20 بڕوانە ئیشایا 63‏:3‏‏.‏
  4. 14‏:20 دەکاتە نزیکەی سێ سەد کیلۆمەتر.‏